Skip to Content
ڕەوەند ئەحمەد شاشوار

6 دەقە بۆ خوێندنەوە


ئایا ئیمۆجی ئاڵای کوردستان زیاد دەکرێت؟

لە دوای ئەم هەموو هەوڵە، ئایا زیاد دەکرێت؟


ئاڵای کوردستان لەسەر شێوازی ئیمۆجی

سەرەتا

ئەم بابەتە لە کوێوە سەری هەڵداوە؟

لە ١٨ی ئایاری ٢٠٢٢ پەیوەندیەکمان بۆ هات لە لایەن پرۆتۆکۆلی سەرۆکی هەرێمەوە، کە تێییدا بانگێشتکراین بۆ چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، بەڵام ئایا ئێمە کێ بووین؟

کۆمەڵێک لەو کەسانەی کە زمانی کوردیان بۆ گوگڵ زیاد کرد

ئێمە ئەو کۆمەڵە کەسە بووین کە پێکەوە هەوڵمان دابو کە زمانی کوردی بکەینە ناو گوگڵ ترانسلەیتەوە، ڕەنجی هەموومان دیار بوو لەسەر پرۆژەکە بەڵام کەسمان کەسمان نە ئەناسی، لە چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ کاک نێچیرڤاندا باسی پرۆژەو هەوڵەکانی هەموو تاکێکی کۆمەڵەکەمان کرد بۆ ئەم زیادکردنە، و جەختمان کردەوە کە ئەم پرۆژەیە ڕەنجی تاک نیە، بۆیە کاک نێچیرڤان هەستا بە دانانی کەسێک بۆ درووستکردنی کۆمەڵەیەک کە تاکە ئامانجی بەرەوپێشخستنی زمانی کوردی بێت، و یەکێک لە پرۆژە سەرەتاکانمان ئەوەبوو کە هەموو ئامێرێکی ئەلکترۆنی کە دێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە بە زمانی شیرینی کوردیەوە بێت. ئەم گرووپەش ناوی دەستەی پەرەپێدانی زمانی کوردی بوو و پێکهاتبوو لەم گەنجە بەتوانایانە

بەڵام لە ناو ئەم گەنجانەدا، لەوانەیە تۆ بەس کاک بۆکان بناسیت، کاک بۆکان هاوشێوەی هەموومان ڕەنجی داوە و ماندووە بوە بە زیادکردنی زمانی کوردیەوە بۆ گوگڵ، بەڵام بەڕێزیان شوێنێکی هەبووە بۆ ئەوەی کە هەوڵەکانی بڵاوبکاتەوە لێیی و خەڵکیش ئاشنای بێت، بەڵام ئایا ئەم یەکتر ناسینە چی لە پشتە؟ هەفتەیەک پێش ئەم کۆبوونەوەیەمان کاک بۆکان جەنگێکی ئۆنلاینی ڕاگەیاندبوو لەگەڵ چەندان کەسی ئەم کۆمەڵەیە و تاکە هەوڵی لێرە ئەوە بوو کە میدیاکان و خەڵکی ئەم دەسکەوتە گەورەیە بکەن بە ڕەنجی تاکە کەس، و بە توندی بە هەموومانی دەوت کە وەرگێڕان و زیاکراوەکانی ئێمە هەمووی ساختەیە، هەر بۆیە لە چەند هەفتەیەک دوای درووستبوونی دەستەی پەرەپێدانی زمانی کوردیەوە کاک بۆکان گرووپەکەی جێهێشت و ئاگاداری کردنینەوە کە ئەیەوێت کار بە تەنها بکات و هەر لەبەر ئەوەش دوای چەند مانگێک و چەند کۆبونەوەیەک گرووپەکە سارد بۆیەوە و هیچ بەروبومێکی نەبو

بەڵام ناوەڕۆکی ئەم بابەتە شتێکی ترە، نەک وەرگێڕی گوگڵ، هەرچەندە بابەتەکە زۆر جیاوازیشە، بەڵام هەر بە هەوڵێکی چەواشەکاریە بۆ ئەو کەسانەی ئاشنا نەبوون بە کار و ئاڵۆزیەکانی ئەو ئامێرانەی بەکاریدێینن رۆژانە

کێشەکە چیە؟

چەند رۆژێک پێش ئێستا کاک بۆکان هەواڵی داناوە و بەڵێنی زیادکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستانی داوە بۆ یونیکۆد (کە ڕێکخراوێکە بڕیار دەدات لەسەر ئەو ئیمۆجی و سیمبۆلانەی ستانداردن، و ئەوانەی کە ئەپڵ و سامسۆنگ دای دەنێن لە ناو ئامێرەکانیان) و دوا بە دوایدا ئاماژەی پێ کردووە کە خەڵکی ئاڵای تاجیکیستان لە کۆمێنت و بابەتەکانیان دابنێن بۆ ئەوەی گوگڵ ئاڵای کوردستان زیاد بکات، بەڵام ئەمە لە هەوڵێک بۆ چەواشەکاری هیچ شتێکی تر نیە، زیادکردنی ئاڵای کوردستان پێوستی بە داتا و زانیاری و ڕێژەی کۆمێنتی خەڵک نیە، تەنها پێوستی بە دەوڵەت بوونی کوردستانە، بەڵام ئایا چۆن؟ یەکەمجارمان نیە بیبیستین کە هەوڵێک دراوە بۆ زیادکردنی ئاڵای کوردستان بۆ یونیکۆد، یەکێک لە گرنگترینیان پرپۆساڵێک بوو لە لایەن گەنجێکەوە بەناوی کرۆسیڤ کە دانیشتوونی ئەڵمانیایە، کە تێییدا ڕاستەوخۆ پرپۆساڵەکەی بۆ ڕێکخراوی یونیکۆد نارد بەڵام ڕەت کرایەوە لەبەر دەوڵەت نەبوونی کوردستان، و ئەمەش تاکە هەوڵ نەبوو، کۆمەڵێک کەسی تر ئەم هەوڵەیان داوە و سەرکەوتوو نەبوون لەبەر هۆکاری دەوڵەت نەبووی کوردستان و لە هەمان کاتدا پێمخۆشە ئاماژە بە کورتە ڤیدیۆیەکی هارڤارد بکەم لە ئینترۆدەکشن بۆ کۆمپیوتەرەکان، کە تێییدا بە راستەوخۆیی ئاماژەی پێدەدات کە یونیکۆد بەرپرس نیە لە زیادکردنی ئاڵاکان و ئیمۆجیەکان، و باسی ئەوە دەکات کە پرۆسەکە کاتێکی زۆر دەخایەنێت دوای ئەوەی کە کۆمیتەی یونیکۆدیش بڕیاری لەسەر دەدەن، کە دوای بە دەوڵەت بوونی کوردستان دەبێت، و پرۆسەکە زۆر سیاسیە و ڕێگری زۆر هەیە بۆ زیادکردنی ئەم ئاڵایە

And as a result, Unicode does not want to be in a business of deciding what is a country or not a country

Harvard Introduction to Computers

سارا لەم ڤیدیۆیەدا پێمان دەڵێت کە یونیکۆد چیتر بەرپرسیار نیە لە بڕیاردانی دەوڵەت بوون یان نەبوون، و بۆیە یونیکۆد لەمەودوا پرپۆزاڵ وەرناگرێت بە هیچ شێوەیەک

و گرنگیشە بزانن کە بروسک ئاوات، بەڕێوبەری سۆفتوێر لە فەرمانگەی تەنکەلۆژیای زانیاری بابەتێکی بڵاوکردۆتەوە بۆ بەرچاوڕوونی کە دەڵێت:

هەر لایەنێک خاوەنی کۆدی ISOی 1-3166 بێت، خودکارانە دەبێتە خاوەنی ئاڵا. کوردستان ئەو کۆدەی نییە تەنها دەوڵەتان و هەندێک وڵاتی خاوەن سەروەری تایبەت خاوەنی ئەو کۆدەن. کوردستان خاوەنی جۆرێکی تری کۆدە کە پێی دەوترێت 2-3166, کە کۆدی هەرێم و ویلایەتە و موقاتەعەکانە. دامەزراوەی یونیکۆد زۆر بەڕوونی نووسیویەتی کە ئەوانەی خاوەنی ئەو کۆدەن با هیچ پێشنیارێک بۆ ئاڵا پێشکەش نەکەن. یونیکۆد چیتر پێشنیارەکان سەبارەت بە ئاڵا قبووڵ ناکات. کەی کوردستان بووە دەوڵەت یاخود بەهەر هۆکارێک بووە خاوەنی کۆدی 1-3166 ئەوکات یونیکۆد بۆخۆی زیادی دەکات و هەر ئەو کاتیش مەهێڵن کەس موزایەدەتان بەسەردا بکات و بڵێ ئەوە من ئیمۆجیم بۆ بەدەست هێنان. بەداخەوە، دامەزراوەی یونیکۆد زۆر بەڕوونی ئەمەیان بە من وت کاتێک کە ئەم بابەتەم لەگەڵ باسکردن. لەئێستادا هیچ شتێکی ئەوتۆ نییە بکرێت. تەنها ڕێگەیەک کە مابێت ئەوەیە کە بچین یەک یەک لە کۆمپانیاکانی وەکوو ئەپڵ و گووگڵ و سامسۆنگ بپاڕێینەوە کە لەسەر ئامێرەکانیان دا بنێن. هەر نیمچە مەحاڵە لەبەر زۆر هۆکار! هیواخوازین کە لەداهاتوودا بارودۆخێکی تر بێتە پێش و بتوانین هەنگاو بنێن.

بروسک ئاوات، بەڕێوبەری سۆفتوێر لە فەرمانگەی تەنکەلۆژیای زانیاری

هەروەها توانا سەیید، کە بەڕێوبەری تەکنەلۆژیای زانیاریە لە زانکۆی سلێمانی، بابەتێکی بڵاو کردۆتەوە کە تێییدا دەڵێت:

زۆر مان ماوە تێبگەین بابەتی بەکارهێنانی ئاڵای تاجیکستان بۆ هەبوونی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان ئەسڵ و ئەساسی نیە، رێزم بۆ کاک بۆکان

ئەم هەوڵە سوودی پێ گەیاندین؟

نەخێر، بەڵکو زۆریش زەرەرمان کرد!

چەندین ساڵە شارەزایانی ئەم بەشە بە چڕی هەوڵ دەدەن داتای پاک و پوخت تێکەڵی گوگڵ ببێت بۆ ئەوەی دوو سبەی لەگەڵ گەڕان و بابەت دانان کێشە درووست نەبێت، بەڵام کامپینەکەی کاک بۆکان تەنها بە ٣ ڕۆژ هەموو ئەم هەوڵانەی هەڵوەشاندەوە، ئەگەر ئێستا لە گوگڵ تەنها گەڕان بۆ ئالای تاجیکستان بکەیت، هەموو بابەتەکانی ناوی ئاڵای کوردستانە، ئەمە زەرەرە، ئەمە خۆی لە خۆیدا خیانەتێکە بۆ ئاڵاکەت، ئەجێندای کاک بۆکان زەخت کردنە لە کۆمپانیایەکی زەبەلاحی وەک گوگڵ بۆ زیادکردنی ئالای میلەتێک سیاسەت قەت ڕێگەی پێ نادات، من خۆم خاوەنی تەختەکلیلێکی کوردیم، کە پێش ئەوەی ئاپڵ زمانی کوردی بۆ ئایفۆن زیاد بکات من بە تەختەکلیلەکەم خزمەتم دەکرد و، مەبەستی ئەم قسەیەشم ئەوەیە، کە لە هەمووتان زیاتر حەز دەکەم گوگڵ و یونیکۆد ئاڵای پیرۆزی کوردستان زیاد بکەن و من یەکەم کەس دەبم بیکەمە ناو تەختەکیلەکەمەوە، بەڵام هەوڵەکانی کاک بۆکان هیچ سوودیان نیە، تکاتان لێ دەکەم کۆمەلێک لە ئەوە شارەزای ئامێرە ئەلکترۆنیەکانن، تکایە یەک دوو بابەت بخوێننەوە پێش بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکاری.